لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر چوار کەس لە هەرێم کوژراون

لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا چوار کەس لە هەرێم کوژراون لە نێوانیاندا منداڵێکی سەش ساڵان.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئایار پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند" لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بە ناوی لانۆ سرود سەعدون، گەیەنرایە نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو".

پۆلیسی گەرمیان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات"دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەرکەوتووە، منداڵێکی ١٠ ساڵان  دەمانچەکەی باوکی کە کارمەندی هێزەئەمنییەکانە هێناوەتە کۆڵان، فیشەک بە منداڵە شەش ساڵانەکەوە دەنێ و دەیکوژێت".

هەر لە گەرمیان درەنگی شەوی رابردوو، لە ناحیەی ئاوەسپی سەربە ئیدارەی گەرمیان، دوو کەس کە هاوڕێی یەکدین و بەهۆی دەمەقاڵەی نێوانیانەوە یەکێکیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، هاوڕێکەی بە ناوی شوان سەرتیپ دەکوژێت، بکوژ تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.

هەروەها، ئەم بەیانییە لە نێو بازاڕی سیروانییەکان لە قەزای شارەزوور تەقە لە گەنجێک کرا و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و ئەو گەنجەشی گیانی لەدەستداوە ناوی ئوسامە محەمەد تاوگۆزییە.

لە دهۆکیش، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە لە قەزای بەردەڕەش کەسێک بەسەختی برینداربوو، پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە شەوی رابردوو، گیانی لەدەستدا.




PM:02:35:13/05/2025