مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەت دابەشناکرێت

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت" بەداخەوە پێیان ڕاگەیاندین ناتوانن مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دابەشبکەن، دەکەوێتە دوای مووچەی وەزارەتەکان". 

کارۆخ عبدوڵا نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" پەیوەندیانکرد بە وەزارەتی دارایی لەسەر ماف و شایستەی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ ئەوەی مووچەی مامۆستایانی گێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، بەداخەوە پێیان ڕاگەیاندین ناتوانن موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەت دابەشبکەین دەکەوێتە دوای مووچەی وەزارەتەکان واتا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ڕوژانی دووشەممە و سێ شەممە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە نوسراوی فەرمی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە کە ئیمزای دکتۆر ئومێد سەباحی لەسەرە بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی دارایی پێیان ڕاگەیاندن بەهۆی زۆن و خەراپ کۆکردنەوەی داهات نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

دەشڵێت" لە مانگی چوار دکتۆر ئالان وەزیری پەروەردەی هەرێم نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، بەڵام تا ئێستا ئەم نوسراوە جواب نەدراوەتەوە". 

"دەربارەی موچەی مانگی ۱۲ ی مامۆستایانی گرێبەست قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کرد داوامان کرد دابەشبکرێت، چونکە موچەکەمان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، بەڵام بەداخەوە پێیان ڕاگەیاندین هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەران هی ئێوەش ناتوانین دابەشی بکەین". (کاروخ عەبدوڵا وادەڵێت)

نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست جەختیش دەکاتەوە، داوایان کردووە موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرخەتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پەروەردە.

ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست ۳٨ هەزارە مووچەی مانگانەیان لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزارە، کۆی موچەی مانگانەیان ۱٨ملیار دینارە.



AM:09:40:14/05/2025