بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا گوندی مژێی لە بناری چیای گارە لە قەزای ئامێدی تۆپباران کرد. (لە کاتێکدا پارتی کرێکانی کوردستان - پەکەکە کۆنگرەی ١٢هەمینی ئەنجامدا و خۆهەڵوەشانەوەی پارتەکەی ڕاگەیاند)
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا دەستی بە تۆپبارانکردنی گوندی مژێ لە بناری چیای گارە سەر بە قەزای ئامێدی کردەوە.
تائێستا ئاماری زەرەر و زیانەکانی تۆپبارانەکە نەزانراوە.
تۆپبارانەکەی ئەم بەیانییەی دەوڵەتی تورکیا لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمینی کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاریدا چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشاندەوە.