" ئەو نرخەی حکومەت بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری دایناوە زۆر گرانە نەک تەنها بۆ هاوڵاتی، بەڵکو بۆ گشت بوارەکانی ژیان"

حکومەتی هەرێم پاش مشتومڕێکی زۆر لە میدیاکان نرخی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری راگەیاند، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژە بەوە دەکات نرخەکەی پێشوو کەمبووە، بەڵام ئەم نرخەش نا " مەعقولە " و دەڵێیت: بۆ وڵاتێکی ئەوروپا دانراوە کە ئاستی ژیانی هاوڵاتیان بەرزە.

لە بەدواداچوونێکی خێرای نرخی بەکارهێنانی کارەبا بە کیلواوات، دەردەکەوێت ئەوە تەنها نرخی کارەبای ماڵان نییە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بەڵکو نرخی کارەبای کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵیشە.

بۆ نموونە نرخی کیلۆوات لە پێشوودا بۆ ماڵان یەک کیلۆوات تا ٤٥٠ کیلوات، تەنها بە ١٨ دینار بوو. نرخی ٤٥٠ کیلۆوات تا ٩٠٠ کیلۆوات، بە ٢٤ دینار بوو. نرخی ٩٠٠ کیلۆوات تا ١٠٠٠ کیلۆوات، بە ٤٢ دینار بوو. راستە ئەم نرخە کەم بوو، بەڵام نرخە نوێکەی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزەو سەرشانی هاوڵاتیان زۆر قورس دەکات.

لە ١ کیلۆواتەوە بۆ ٤٠٠ کیلۆوات بە ٧٢ دینار، لە ٤٠٠ کیلۆواتەوە بۆ ٨٠٠ کیلۆوات بە ١٠٨ دینار، لە ٨٠٠ کیلۆواتەوە بۆ ١٢٠٠ کیلۆوات بە ١٧٥ دینار، لە ١٢٠٠ کیلۆواتەوە بۆ ١٦٠٠ کیلۆوات بە ٢٦٥ دینار، لە ١٦٠٠ کیلۆواتەوە بۆ سەرەوە بە ٣٥٠ دینار.

بە واتای هەر ماڵێکی ئاسایی ئەگەر لە مانگێکدا ١٢٠٠ کیلۆوات بەکار بهێنێت، دەبێت  ١٤١ هەزار دینار بدات، ئەمە لە کاتێکدا کە دەبێت دەست بە بەکارهێنانی سپلیت و بۆیلەرەوە بگرێت و هیتریش بەکار نەهێنێت، خۆ ئەگەر یەک کیلۆواتیش لەوە زیاتر بەکاربهێنیت نرخەکە دەفڕێت.

هەرچی تایبەتە بە کەرتەکانی بەرهەمهێنان لە کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، کەرتی بازرگانی یەک کیلۆوات بە ١٥٦ دینار بووە لە بریارە نوێکەی حکومەتدا بووە بە ١٨٥ دینار، کەرتی کشتوکاڵی یەک کیلۆوات ٣٦ دینار بووە کراوە بە ٦٠ دینار، پیشەسازی یەک لیکۆوات ١٤٠ دینار بووە کراوە بە ١٦٠ دینار.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئێستا حوکمەت وەک خۆی رایگەیاندووە ساڵانە خەرجی کارەبا لەسەر یەک ملیار و ٩٠٠ میلۆن دۆلارە، بەلآم بەپێی ئەو نرخە نوێیانە لەمەودوا قازانجێکی باش دەکات.

نرخە نوێکەی حوکمەت بۆ هاوڵاتی و کەرتەکان ..

  




PM:05:25:14/05/2025