ئاسایش دەستگیرکردنی باندێکی ڕاگەیاند

ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباری بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەستگیر کرد، دەشڵێت" تاوانبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش دەستگیر کراون و سزای یاسای دراون".

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، سێ تۆمەتباریان بە ناوەکانی ( م ، ح ، خ) و(ج ، ح ، خ) و (د ، م ، س)، دەستگیر کردووە کە لەناو شاری هەولێردا دزی و ڕێگرییان لە چەند هاووڵاتیەک کردووە کە دوکانی ئاڵوگۆڕیی دراویان هەیە.

باندەکە،  دوای ئەوەی چاودێریی خاوەن دوکانەکانیان کردوە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە هێرشیان کردۆتە سەری و ڕێگەیان لێ گرتوە و سەرجەم پارەکانیان بردووە.

ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەوە،  چەند ئۆتۆمبێلێکیان دزیووە و تابلۆکانیان گۆڕیوە و  پاشان بەو ئۆتۆمبیلانە ڕێگری و دزییان لە هاووڵاتیان کردووە.

ئاسایشی هەولێر، باسی لەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا، دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک چەکێکی بێمۆڵەت و ژمارەیەک تابلۆی ساختەی ئۆتۆمبیل و سێ ئۆتۆمبێلی دزراودا. 

بە گوێرەی ئاسایشی هەولێر تاوانبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش دەستگیر کراون و سزای یاسای دراون.



PM:10:04:14/05/2025