تورکیا زیاتر لە ٥٠ جار چیای مەتینی تۆپبارانکرد

پاش بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەی پەکەکە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە ٥٠ جار ناوچە سنوورییەکانی قەزای ئامێدی تۆپبارانکردووە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بە بەردەوامی و زۆر بە سەختی تۆپبارانی چیای مەتین و بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێی سەروو لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی تۆپباران دەکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، هەرچەندە ماوەی سێ ڕۆژە بێدەنگییەک لە سنوورەکە هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو بێدەنگییە لەلایەن سوپای تورکیاوە شکێندرا و سنووری قەزای ئامێدی بەسەختی بۆردومان دەکەن کە لە چەند خاڵێکی سەربازی تۆپ ئاراستەی چیای مەتین بەگشتی و بەتایتبەتی بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ دەکرێت کە لە ماوەی پێنج خولەکدا هەشت بۆ ١٠ تۆپ لە سنوورەکە کەوتونەتە خوارەوە و بەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی سنوورەکە دروستکردووە. 

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمینی کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاریدا چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشاندەوە.

لەم لینکەوە ڤیدیۆی ساتی تۆپبارانەکان ببینە



PM:05:19:15/05/2025