تورکیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی سنووری قەزای ئامێدی

ئەمڕۆ هەینی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٥ سوپای تورکیا بۆ جارێکی دیکە ناوچە سنوورییەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک تۆپبارانکرد. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بە بەردەوامی و زۆر بە سەختی بە ئۆبیس گوندی (مژێ، سپیندارێ، گیرگاش و کەڤنە مژێ) لە بناری چیای گارە تۆپبارانکرد.

‌دوێنێش سوپای تورکیا چیای مەتین و بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێی سەروو لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی تۆپباران کرد کە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتوانی سنوورەکە دروستکردووە. 

تۆپبارانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دەوڵەتی تورکیا لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمینی کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاریدا چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشاندەوە.



PM:02:43:16/05/2025