وتەبێژی كەجەكە ڕایدەگەیەنێت"
باشتروایه ئهم بڕیارانه وهك بڕیارى سهردهمێكى نوێ و سهردهمى ئاشتى و كۆمهڵگهى دیموكراتى پێناسه بكرێت". دەشڵێت" پێش دانانی چەک پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای تورکیا بکەین".
زاگرۆز هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی ڕایگەیاند" بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە ناتوانین وەک بڕیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێناسە بکەین، باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک بڕیاری سەردەمێکی نوێ بەناوی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات پێناسە بکەین".
دەشڵێت" بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ ستراتیژی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن، دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستیپێنەکردوە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین، دەوڵەتی تورکیا هێشتاش دەستەواژەی تیرۆر بۆ پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، چۆن دەتوانیت لە لایەک باسی ئاشتی بکەیت و لە لایەکی تریش زمانێک بەکاربهێنیت کە هەست و دەرون و ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتی دەستپێبکات پێویستە سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیا بگۆڕدرێت، ئەو زیهنییەتەی کە کورد وەک تیرۆرست دەبینێت".
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە وتیشی" ئەو بڕیارەی کە گیراوە، وەک کۆتایهێنان بەشێوازی چەکداری پێناسەکراوە، هێشتا زووە کە مرۆڤ ئەم دۆخە وەک پرۆسەیەک پێناسە بکات".
ڕاشیگەیاند" کەس باسی دانان و ڕادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەمینەی ئەوە لە ئارادا نییە، چونکە هێشتاش تورکیا لە هێرشەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، هێشتا تونێل و سەنگەرەکانی بەرخۆدان لە زاپ و مەتینا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەوە گەمارۆدراون، مەودای نێوان گەریلاکانی ئازادی و سەربازانی تورک ٥٠ بۆ ١٠٠مەترە، لەدۆخێکی وەهادا چۆن دەبێت مرۆڤ چەک دابنێت، بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتی تورکیا ئاشتی دەوێت پێویستە ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، هەموارکردنی یاسایی و دەستوری بکات بەشێوەیەک کە کورد مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادی هەبێت لە تورکیادا و وەک پلە دوو سەیر نەکرێت.