حکومەتی هەرێم پارەی کارەبای بەشێک لە هاووڵاتیان دەداتەوە کە لە کاتی ئەزموونی پرۆژەی ڕووناکی پارەی زیادەیان داوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ئایار حکومەتی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پێشوودا پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە و بە پێی نرخی ئەزموونیی پارەی کارەبایان داوە بەشێک لە پارەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە."
ئاماژەی بەوەشداوە، لە پاش ئەوەی بڕیاردرا لەسەر نرخی کارەبا، کە کەمترە بەراورد بە نرخە ئەزموونییەکەی پێشتر، ئەو بڕە زیادەیەی هاووڵاتییان خەرجییان کردووە بەشێوەی کرێدیت (رصيد) بۆیان دەگەڕێتەوە لە مانگەکانی داهاتوودا.
ئەوەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو حکومەتی هەرێم لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا نرخی کارەبای ڕووناکی بە پێنج ئاست جێگری بکات کە نرخەکەی لەنێوان ٧٢ دینار بۆ ٣٥٠ دینارە.