حکومەتی ئێران بڕیاری دا، ئەم ساڵ کارتی کۆڵبەریی بداتە کۆڵبەرانی چەند ناوچەیەک بۆ ئەوەی بتوانن بازرگانیی سنوری بکەن، وتیشی" زیاتر لە ٦٢ هەزار کەس لە پارێزگای کرماشان، کارتی کۆڵبەرییان پێدەدرێت".
محەممەد جەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند" بەپێی بەدواداچونەکان، حکومەت بڕیاری داوە ئەم ساڵ کارتی کۆڵبەریی بداتە دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان بۆئەوەی بتوانن لە دەروازە سنوورییەکانەوە کاڵا هاوردە بکەن".
ڕونیشی کردەوە" بڕیارەکەی حکومەتی ئێران، ناوچەکانی بانە و مەریوان و سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ و چەند ناوجەیەکی دیکە لە پارێزگای کرماشان دەگرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە لە پارێزگای کرماشان ٦٢هەزار و ٥٠٠ کەس کارتی کۆڵبەرییان پێ بدرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد" پێشبینی کراوە ئەم ساڵ بەو کارتە کۆڵبەریانە، بایی بە بەهای ٤٥٠ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە بکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە، پرسی کۆڵبەریی و کۆڵبەران لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی گەرمە و ساڵانە چەندین کەس لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی.