نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسە ئەمنییەکانمان تاوتوێ کرد

نێچرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت" رێگەنادەین هەرێمی كوردستان سەرچاوەی مەترسی بێت بۆسەر دراوسێكانمان، بەتایبەتیش بۆ كۆماری ئیسلامی".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە میانی بەشداریکردنی لە پانیلێک لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران ڕایگەیاند" لە پرسی ئەمنیدا بەرەوپێشچوونی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە".

وتیشی" میكانیزمێكمان داناوە بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدادو كۆماری ئیسلامی پێكەوە كاربكەین (مەبەست لە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و ئێرانە سەبارەت لە چەككردن و كەمپنشینكردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان)".

سەرۆکی هەرێم جەختیشی کردەوە " رێگەنادەین هەرێمی كوردستان سەرچاوەی مەترسی بێت بۆسەر دراوسێكانمان؛ بەتایبەتیش بۆ كۆماری ئیسلامی".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" دوێنێ لە تاران چەند كۆبوونەوەیەكمان هەبوو؛ خۆشبەختانە لە پرسی ئەمنیدا هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی قۆناغی باشمان بڕیوە".

سەرۆکی هەرێم باسی لەوەش کرد"لە توركیا پرۆسەیەكی جددی سەبارەت بە پرسی كورد دەستیپیكردووەو ئێمە پێمانوایە كە پرسی كورد نابێت بە شەڕو خوێنڕشتن چارەسەربكرێت، لەم پرۆسەیەدا ئێمە تەنیا هاوكاریی دەكەین و دەستوەردان ناكەین".




PM:03:18:18/05/2025