ئۆجەلان: هەموو ئاڵانگارییەکانی بەردەم برایەتی کورد و تورک لادەبەین

عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت" هەموو ئاڵنگارییەکانی بەردەم برایەتی کورد و تورک لادەبەین".

ئەمشەو یەکشەممە عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، پەیامێکی نوێی له‌ رێگه‌ی شاندی ده‌م پارتیه‌وه‌ له‌ ئیمڕاڵی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگەیاند" ئەوەی کردومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری گەورە دەکات". 

وتیشی" سروشتی پەیوەندییەکانی تورکیا و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێدەگات ئەو پەیوەندییەیە". 

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان بەمشێوەیە:

پەشیمانم لەوەی کە دوایین جار قسەم لەگەڵ سیری سووریا ئۆندەر نەکرد. ئەو بیرەوەرییەکی بەنرخە. پێویستە بیژێنینەوە، کەسێکی زانا بوو بۆ تورکیا ئێمە هەست بە بۆشاییەکەی دەکەین.

لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە.

ئەوەی کردوومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات.

سرووشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێ دەگات ئەو پەیوەندییەیە.

خوشک و برا شەڕ دەکەن، یەکێکیان بەبێ ئەوی تر ناتوانێت بژی. ئێمە ئەو تەڵە و بۆمبانەی کە ئەم پەیوەندییە لەناو دەبەن، یەک بە یەک پاک دەکەینەوە، هەموو ڕێگاوبانە تێکچووەکان و پردە داڕماوەکان چاک دەکەینەوە.

لە ڕێگەی شاندەکەمەوە، سوپاسی خۆم پێشکەشی ئەو نامە و پەیامانەی بۆ پشتیوانیکردن لێم و پەیوەست بە قۆناغی ئاشتیی و خوشک و برایەتییەوە هاتوون، لەگەڵ نامەی ڕۆشنبیران لە کەسایەتی ئالاین بادۆو و سلاڤۆی ژیژەک دەکەم، بە خەباتی هاوبەش و نێونەتەوەیی و سۆسیالیست یەکتر دەبینینەوە.

١٨ی ئایاری ٢٠٢٥



PM:08:27:18/05/2025