سی پی تی: هێرشەكانی توركیا بەردەوامن

ئەندامێکی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایدەگەیەنێت" هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری چیای گارە بەردەوامن". 

كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" لە کاتژمێر ٩:١٠ خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ٣٥ جار تۆپبارانی چیای گارە و ناو گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، دێرەشێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکان بۆ ناو ڕەز و باخی هاوڵاتییان و خانووی چۆڵکراوی گوندنشینان بوون، بەهۆیەوە زیان بەر کێڵگەی کشتوکاڵی، خانوو و ڕەزی جوتیارانی ئەو گوندانە کەوتوە.

تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ڕۆژانی ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە ١٢مین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەی دا. 



PM:09:38:18/05/2025