دێرەزوور.. ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

لە ڕووداوێکی تەقینەوەدا بنكه‌یه‌كی پۆلیسی دێره‌زوور کرایە ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا)، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند" لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا کە بنکەی پۆلیسی شاری ئەلمەیادین لە باشووری پارێزگای دێرەزووری کردە ئامانج، ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون". 

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لادێکانی دێرەزوور ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقینەوەیەک کە پێدەچێت بەهۆی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووبێت، بنکەی پۆلیسی ئەلمەیادینی کردە ئامانج.

لای خۆشییەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" لە تەقینەوەکەدا دوو کارمەندی پۆلیس و ئەمنی کوژراون و کەسێکیش بریندار بووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ڕووداوەکە قەدەغەی هاتووچۆ لە سنوورەکە ڕاگەیەندراوە.



AM:12:01:19/05/2025