" بۆری ئاوی ئیفرزای ٣ شکێنراوە "

‌وێنە.. ئەرشیف
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٥ دووبارە بۆری ئاوی ئیفرازی ٣ هەولێر شكایەوە کە بەهۆيەوە ژمارەیەك لە گەڕەكانی سنوری شارەكە بێئاو دەبن. بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆی هەرێم رایگەیاندووە" بۆریەکە شکێنراوە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە" کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە جارێكی دیكە بۆری ئاوی ئیفراز سێ شكاو بەو هۆیەوە لەسەدا ٤٠ی دانیشتوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبن".

ناوی ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو دەبن بریتین لە:

ـ هەولێری نوێ 
ـ فەرمانبەران
ـ ٥ی حەسارۆکان 
ـ مامۆستایان 
ـ قەڵاتی نوێ 
ـ هاوکاری 
ـ هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆرش و جادەی کەرکووک 
ـ شێخ ئەحمەد 
ـ گولان 
ـ هەڤالان 
ـ باداوە ، ٩٤ی باداوە 
ـ زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی ٦٠ مەتری.

دوای ئەم راگەیاندنەی ئاوی هەرێم، هەرمان فەرمانگە راگەیاندنێکی تری بڵاوکردەوەو وتی " بەهۆکاری کارکردنی چەند هاووڵاتیەكی نا بەرپرس بۆ ڕاکێشانی هێڵی کارەبا و هەڵکەندن بە حفارە بۆ دانانی بناغەی ستوون (عمود ) بۆ ڕاکێشانی کارەبا بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و دیاریکردنی ڕێچکەی خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لەکاتی کارکردنیان هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز ٣ جۆری GRP لە هەولێریان شکاندووە لەنزیك گوندی دارەبەن".

هەروەها هاتووە " لەکاتی ئێستادا لایەنی پەیوەندیدار بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە وە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت وە لە کاتی ئێستادا ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز ٣ وەستاوە ، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بەردەوامن لە کارکردن بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆڕیەکە چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو بۆڕیەکە چاك بکرێتەوە و ئاو بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان".
 
بۆری ئاوی ئیفراز سێ کەوتۆتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی (٤٠%)ی ئاوی شاری هەولێر، گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات، لەوانە گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.



PM:06:08:19/05/2025