ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان، پشتیوانی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دەکات، کە داوایکردووە لیژنەیەکی ١٠٠ کەسی لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی.
پەروین بوڵدان رۆژی دوو شەممە ١٩ ی ئایار بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە "ئەوەی گرنگ و پێویست بوو باخچەلی گوتی و پارتی دەمیش هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە، پەرلەمان رۆڵی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا هەبێت."
لە درێژەی قسەکانیدا بوڵدان دەشڵێت " زۆربەی پارتە سیاسییەکان کۆکن لەسەر پێکهێنانی ئەو لیژنەیە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە گفتوگۆ لەبارەی هەموار و رێکخستنەوە یاساییەکان بکرێت".
بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، جەهەپە لەگەڵ دروستکردنی ئەو لیژنەیەدایە و پارتەکانی دەڤا و ئایندەش بە ئەرێنی تەماشای دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە ئاکپارتی بەبێ دواکەوتن بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.
پەروین بوڵدا جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو پێش ١٥ ی تەمموزی ئەمساڵ، کە کۆتایی بە ساڵی یاسادانان دێت، لیژنەکە دروستبکرێت و هێڵە گشتییەکانی کارکردنی دیاریبکرێت و خزمەت بە سەرخستنی پرۆسەکە دەکات.