دادگای سلێمانی حوکمی لە سێدارەدان بەسەر بکوژی شوعەیب زارعی، پێشمەرگە و كادری کۆمەڵەدا دەدات، کۆمەڵەش رایدەگەیەنێت" ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی راستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە".
دوو شەممە١٩ ی ئایار کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد" دوێنێ ١٨ی ئایار، دادگای تاوانەكانی سلێمانی بڕیارێکی سەربەخۆی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ عەلی ئەحمەدی بە تاوانی تیرۆرکردنی هاوڕێ شوعەیب زارعی کادیری کۆمەڵە دەرکرد".
بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆمەڵە" ڕۆژی ١٦ی ئازاری ٢٠٢٤، شوعەیب زارعی، کادرو پێشمەرگەی كۆمەڵە، لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئاشکرادا لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کەسێک بە ناوی عەلی ئەحمەدی، بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی ئێران، تیرۆر کراو هەر لەو ڕۆژەدا ئەنجامدەری تیرۆرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکرا."
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووشە" دوای سێ دانیشتنی دادگا و بەدواداچونی بەردەوامی کۆمەڵە، سەرئەنجام ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، دادگای سزای تاوانەکانی سلێمانی بڕیارێکی سەربەخۆی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ عەلی ئەحمەدی بە تاوانی تیرۆرکردنی شوعەیب زارعی دەرکرد".
"ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران."( کۆمەڵە وا دەڵێت ).
ئاماژەی بەوەشداوە"ئەم بڕیارەی دادگای سلێمانی وەکو پەیامێک ئەبینین بۆ هەمو بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی پاشگەزبنەوە لە هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و هۆشداری دەدەین کە هەر بێدەنگی و بێهەڵوێستییەک لەبەرامبەر ئەم جۆرە کارانەدا، زەمینە بۆ دوبارەبونەوەی تاوانە هاوشێوەکان خۆش دەکات."
كۆمەڵە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا سوپاسی دادگاو ئاسایشی سلێمانی كردوە کە "بوێرانە و سەربەخۆیانە لەم کەیسەدا، هەڵسوکەتیان کردو توانیان بە بێ دەستێوەردان بڕیاری کۆتایی دەربکەن."