لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی و وەفدێک لە ئەمەریکان، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە واشنتۆنەوە رایگەیاند" دوو گرێبەستی نەوت و غازیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان واژۆ کردووە"، واژۆکردنی ئەم دوو گرێبەستە بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان کەمال محەمەد لە ئەمەریکا بە میدیاکانی پارتی رایگەیاند" چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و غازدا واژۆ کردووە، بەهاکەیان زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار دەبێت".
لەبارەی گرێبەستەکان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق ، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد "راوێژمان بە حکومەتی عێراق نەکردووە".
گرێبەستی یەکەم بۆ غازە لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنرجی، کە پێکهاتووە لە دوو کۆمپانیا؛ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس، کە لە بواری نەوتدا کار دەکەن، وەک کەمال محەمەد ئاماژەی بۆ کردو، وتیشی" گرێبەستەکان بۆ ئەوەیە کێڵگەی گاز بەکاربهێندرێت لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەکارهێنانی کارەبا، هەروەها بۆ ئەو کارەبایەش کە بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن".
"بەگوێرەی داتاکان، کێڵگەی میران هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی تێدایە. وتیشی: "وەکو سەرەتا لەماوەی ١٨ بۆ ٢٠ مانگدا وەکو قۆناخی یەکەم پێشبینی دەکرێت ٥٠ بۆ ٧٠ ملیۆ پێ سێجا گازی لێ دەربهێندرێت. دواتر کێڵگەکە گازی زیاتر بۆ تۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابیندەکات".
گرێبەستی دووەم وەک وەزیر ئاماژەی بۆ کرد لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، ئەو کێڵگەیەش کێڵگەی گاز و نەوتیشی تێدایە، وێستێرن زاگرۆس کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، پێشتر لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە. ئەم گرێبەستەش بۆ ئەوەیە، کێڵگەی کوردەمیر لەگەڵ کێڵگەی تۆپخانە بەرهەمی نەوت و گازیان زیاتربێت".
کەمال محەممەد باسی بەرهەمهێنانی کارەبای کرد بە پشت بەستن بە گازی سرووشتی و گوتی: "ئێستا گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنین، توانای ژێرخانی کارەبامان 8 هەزار و 189 مێگاواتە، بەڵام ئەوەی بەرهەمدەهێندرێت نزیکەی 4500 مێگاواتە، ئەویش بەهۆی نەبوونی گازی پێویستەوە. ئێستا وێستگەکانی هەرێم{ـی کوردستان} بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستیان بە یەک ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز هەیە، ئێمەش ئەوەی هەمانە 525 ملیۆن پێ سێجای لە کۆرمۆر و 120 بۆ 130 پێ سێجا لە خوورمەڵەیە، ئەوەش نیوەی پێویستیی کارەبایە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان وتیشی "لە کێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەکان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا نزیکەی بەهای ٤٠ ملیار {دۆلار} دەکات. بەهەمان شێوە بابەتی کێڵگەی تۆپبخانە لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، ٥ ترلیۆن پێ سێجا گاز ٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیکەی ٧٠ ملیار دەکات و پێکەوە دەبێتە ١١٠ ملیار دۆلار، بەڵام ئەمە پێشبینییە و دەکرێت زیاتر یان کەمتر بێت".
وەفدی هەرێم کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بەشداری شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی و وەزیری سامانە سروشتییەکان و چەند بەرپرسێکی ترە، بەڵام تا ئێستا نادیارە یەکێتی کە وەزیرەکەشیان لە نێو وەفدەکەدایە، هەڵوێستیان لەبارەی ئەو گرێبەستانەوە چییە، تاچەند لە کوردستان ئاگاداربوون لەم هەنگاوە.