پۆلیسی دهۆک ڕایدەگەیەنێت" لە سنووری دهۆک دەسترێژی گولـلە لە خوشك و برایەك کرا و برینداربوون، لە ئێستاشدا تاوانبارەکە دەستگیرکراوە".
هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" درەنگانێکی شەوی رابردوو هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە سەنتەری پارێزگای دهۆک".
وتیشی" دوای چوونی هێزەکانمان بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوت پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ لەسەر شەقامی گشتی بەردەم پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە ماڵتا بە چەکی دەمانچە تەقەی لە دوو هاوڵاتی کردووە و برینداری کردوون".
هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە تاوانلێکراوەکان خوشک و برا بوون، تەمەنی ٣٦ ساڵ و خوشکەکەی ٢٩ ساڵ بوو.
بەرێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان تۆمەتبار و قوربانییەکاندا هەبووە، ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی بریاری دادگا بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان راگیراوە و دوو هاوڵاتی بریندارەکەش لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.