سەرپەرشتیارى لیژنەى بایۆمەتری لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ئەم مانگە سەرجەم مووچەخۆران ١% لە مووچە بنەڕەتییەکانیان دەبڕدرێت".
یادگار جەبار سەرپەرشتیارى لیژنەى بایۆمەتری لە سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" دوێنێ لە نوێترین رێنماییدا داوایان لێکراوە بەپێی بڕیاری ٢٨١ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری عێراق، بەرێژەی ١% لێبڕین لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بکرێت".
سەبارەت بە هۆکار و مەبەستی سەرەکی لێبڕینەکە، فێنک حەسیب سەرپەرشتیاری لیژنەى بایۆمەتری لە هەولێر دەڵێت" ژمارەی کەسی بێهاوتا کە بە UPN ناسراوە و بووەتە ژمارەی وەزیفی، لە بەرامبەر ئەوەدا حکومەتی فیدراڵ داوایکردووە، ئەو لێبڕینە بکرێت لە مووچەی بنەڕەتی و سەرجەم فەرمانبەرانى هەمیشەیی و گرێبەست بگرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، لێبڕینەکە تەنیا بۆ یەک مانگە و لەسەر لیستی مووچەی مانگی ئایار جێبەجێدەکرێت.