وەزارەتی نەوتی عێراق: گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕەتدەکەینەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، گرێبەستە نوێیەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" گرێبەستە پێچەوانەی قانونی عێراقە  و پێویستە وەبەرهێنان لە بوارەکانی نەوت و وزە لە ڕێی حکومەتی فیدراڵەوە بێت".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند" هەندێک لە ماڵپەڕە هەواڵییەکان هەواڵێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە (رێککەوتنی نوێی وزەی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار واژۆ کردووە)."

وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئەم گرێبەستانە بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی دەزانێت .

وەزارەتی نەوت ڕاشیگەیاند" سەرەڕای پێویستی عێراق بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانی غاز و دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای عێراقن و سامانی نەوت موڵکی هەموو عێراقییەکانە و هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت".

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت" وەزارەتەکە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەخت لە پووچەڵی ئەو گرێبەستانە دەکاتەوە."




PM:02:46:20/05/2025