وتەبێژی کەجەکە: تورکیا هیچ گەرەنتییەکی بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش نەکردوە

پەکەکە ڕایدەگەیەنێت" سەرباری بڕیاری چەکدانانیان، تورکیا هیچ گەرەنتییەکی پێشکەش نەکردوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و دەبێت لە هەموارکردنەوەی یاساکەیدا، ڕێگە بە ئەندامانی پەکەکە بدات بۆ تێکەڵبونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیا".

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە، لە دیداریکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە" سەرباری هەڵوێستی جددیی پەکەکە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و بڕیاری چەکدانان، حکومەتی تورکیا تا ئێستا، هیچ گەرەنتییەکی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەکە پێشکەش نەکردوە".

وتەبێژەکەی کەجەکە ئەوەشی خستوەتە ڕوو" تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە" و وتیشی" پەکەکە کشانەوەی ئەندامانی لە تورکیا، ڕەت دەکاتەوە و ئەگەر تورکیا جدیی بێت لە پڕۆسەی ئاشتیدا، دەبێت دەستورەکەی بەجۆرێک دابڕێژێتەوە، کە ڕێگە بدات بە ئەندامانی پەکەکە بۆ تێکەڵبونەوە بە کۆمەڵگەدا".

وتەبێژی کەجەکە، جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، پێویستە حکومەتی تورکیا، بارودۆخی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە زینداندا باشتر بکات و ڕێگەی بدات بۆ بون بە سەرۆکی دانوستانکاری پارتەکەی لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتویاندا.



PM:04:54:20/05/2025