سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە (سپی)ڕاگەیاند" سبەی پێنجشەممە ئامادەکردنی لیستی مووچە تەواو دەبێت. بەڵام سبەی نانێردرێت بەهۆی پشووی هەفتانە، بەڵکو ناردنی دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، واتا ڕۆژی یەکشەممە کە دەکاتە ٢٥ی مانگ یان ڕۆژی دواتر دووشەممە".
لای خۆشییەوە ئەندامێکی شاندی کوردستان کە مانگانە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ پرسی مووچە، دەڵێت"ئەگەر تاوەکو یەکشەممە لیستی مووچەمان بەدەست بگات، ئەوا یەکشەممە دەچینە بەغدا و لیستی مووچەش لەگەڵ خۆمان دەبەین. ئیتر هەفتەی داهاتوو لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیکردن لە لیستی مووچە دەستپێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەبێت لەگەڵ ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە و نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت تا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دوای وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.