بەرپرسێکی پێشوی نەوت ئاشکرای دەکات کە ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێم ئەنجامی داوە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت و دەڵێت" دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم رەوانەی حكومەتی داهاتوو دەكرێت".
لەبارەی كاردانەوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بەو دوو گرێبەستەی لەم رۆژانەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆیان كرد، بۆ پێشخستنی چەند كێڵگەیەكی نەوت و غاز بەرپرسێکی پێشووی نەوت بە رۆژنامەی (الشرق الاوسگ) راگەیاندووە" ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبن لە نەبوونی یاسایەکی روون و ئاشکرای تایبەت بە نەوت".
راشیگەیاندووە" ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێم ئەنجامی داوە پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت، بەتایبەتی لە پەیوەست بە غاز، كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی، مەبەست لێی هەناردەکردنی دەرەوەی وڵات نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی روون و شەفاف هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێر".
ئەو بەرپرسە نەوتییە ئاماژە بەوە دەکات لە بەرژەوەندی دارایی عێراقدایە کە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە رێگەی جەیهانەوە رابگیرێت بە لەبەرچاوگرتنی تێچوی زۆری بە بەراورد بە نرخی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری وڵات.
هەروەها وتوشییەتی" بەدووری دەزانم بەغداد و هەولێر بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی تەمەنی ئەم حکومەتەی ئێستادا، کە بەرەو كۆتایی دەچێت و رەنگە ئەو پرسە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتی داهاتوو."
ناكۆكییە نوێكان لەكاتێكدایە، بەهۆی وەستانی نزیکەی دوو ساڵەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیانەکانی عێراق بە نزیکەی (١٥)ملیار دۆلار دەخەمڵنێرێت، سەرەڕای چەندین لێدوانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نزیکبوونەوەی هەناردەکردن، بەڵام تائێستا هەناردەكردنی نەوت راگیراوە.