دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی ئاری چایچی دەرکرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بکوژی ئاری چایچی دەرکرد. 

ئاكام عه‌بدوڵا پارێزه‌ری ڕاوێژكاری ئاری چایچی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" له‌ دوای پێنج دانیشتنی دادگا ئه‌مڕۆ دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی له‌باره‌ی دۆسیەی ئاری چایچی بڕیاریدا و تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتادا تۆمەتبارێکی دیکە لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دادگا بڕیاریدا بە سزادانی تەنها یەکێک لە تۆمەتباران و ئەوەی دیکە ئازاد کراوە.

پارێزەری ئاری چایچی دەشڵێت" هەرچەندە تۆمەتباری دووەم هاوكاری كردووه‌ له‌ هێنانی ئۆتۆمبیل و كاری دیكه‌ بۆی، بەڵام دەبوو سزا بدرایە، بەوهۆیەوە تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەین و دەبێت سەرجەم تاوانباران سزا بدرێن". 

ئاری رزگار ناسراوە بە ئاری چایچی شەوی ٢٧ی تەموزی ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی لە کاتی کارکردندا لەلایەن چەکدارێکی هێزی کۆماندۆوە کوژرا و کەسێکی تریشی بریندار کرد، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵک. 



PM:01:41:22/05/2025