کەشناسی: لە سێ پارێزگا پلەی گەرمی لە کوڵان نزیک دەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە دەستەی کەشناسی عێراق ڕەوشی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە کە پێشبینیدەکات لە سێ پارێزگا پلەی گەرمی لە ڕۆژی هەینیدا بگاتە ٤٩ پلەی گەرمی.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە" سبەی هەینی، ئاسمان  لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور نیمچە هەور دەبێت و لە باشووریش ساماڵ، هەروەها پلەکانی گەرماش لە سەرانسەری وڵات کەمێک بەرزدەبێتەوە و بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی هەینی لە سلێمانی ٤٠ پلە و لە هەولێر ٤١ و لە کەرکوک ٤٤ و لە بەغدا و کەربەلا ٤٦ و لە نەجەف و بابل و دیوانیە ٤٨ و لە میسان و زیقار و بەسرە پلەی گەرمی دەگاتە ٤٩ پلە". 

وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە، بۆ رۆژی شەممە، ئاسمان لە ناوچەکانی باکور نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت، بای باکوری ڕۆژئاوا خێراییەکەی لە نێوان ٣٠ - ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت لە ناوچەی ناوەڕاست و بەشێک لە ناوچەکانی باشوور، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی کەم، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، بەڵام لە  ناوچەکانی باکوور نزیک دەبێتەوە لە ڕۆژانی پێشوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بۆ رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور لە سەرتاسەری وڵاتدا، هەروەها ئاراستەی با بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەبێت کە خێراییەکەی لە ناوچەکانی ناوەڕاست (٣٠) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، و پلەکانی گەرماش کەمێک دادەبەزن لە سەرتاسەری وڵاتدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاسمان لە سەرتاسەری وڵات ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی باشوور لە هەمان ئاست نزیک دەبێتەوە.



PM:03:24:22/05/2025