"نەوتی خاو لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشین"

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست بە هەناردەکردن ناکاتەوە، حکومەتی هەرێم نەوت لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشێت". 

ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ پێنج لە میانی گفتوگۆیەکی پانێڵدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن، ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان ناچار بوو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوت هەناردە بکات، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٤ پشکی خۆی لە بودجەی گشتی وڵاتەکەی بڕییەوە". 

دووپاتیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا هیچ یاسایەکی نەوت و گاز لە عێراقدا نەبووە، هەروەها دەبێت دەربکرێت بۆ ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە بەپێی یاسا.

ئامانج ڕەحیم ئاماژەی بەوەدا، ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستانەی لە کەرتی وزە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراون دەستوورین و لەلایەن دادگای کەرخ لە بەغدا پەسەند کراون.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەک تەنها بۆ کوردستان بەڵکو بۆ عێراقیش سوودی دەبێت و دەشڵێت" چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەکردنە دەکەین کە ڕۆژانە دەگاتە ٣٠٠ هەزار بەرمیل".



PM:05:43:22/05/2025