وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی بۆ ئەژمارکردنی نمرەی وانەی کوردی و عەرەبی دەرکرد و دەڵێت" ساڵی ئایندە ئەژماری ئارەزومەندانە نامێنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ئایار وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند" لە ساڵی داهاتوو بە دواوە بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە".
بەپیی بڵاوکراوەکە، لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) بەدواوە بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە، واتە ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە ساڵی داهاتوو بە دواوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی کوردی و عەرەبی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت.
لە نوسراوێکیشدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات ئاگاداری سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان بکرێت بەمەبەستی ئاگاداربون لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
جێگەی ئاماژەیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئارەزومەندانەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لە کۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ساڵی (٢٠٢٢)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچوو.