ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە راگەیاند، بەمزوانە شاندێک ڕەوانەی دیمەشق دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتوی سیاسی ناوچەکەیان، دەشڵێت" ئامانجمان دەستەبەرکردنی خۆبەڕێوەبەریە".
ئاڵدار خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز ڕایگەیاند" دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکریزی کورد لە ڕۆژئاوا دەبێتە بنەمای دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا کە ئامانجیان خۆبەڕێوەبەرییە".
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیەتی پەیەدە ئاشکراشی کرد، شاندێک ڕەوانەی دیمەشق دەکەن بۆ گفتوگۆکردان لەسەر داهاتوی سیاسی ناوچەکەیان، وتیشی"ڕوانینی حکومەتی کاتی گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە و ڕەنگە لە داهاتودا ببێتە هۆی ململانێی نێوان کورد و حکومەتی کاتی".
ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکان بە سەرۆکایەتی کورد دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی ئەم هەرێمە بوە و دەبێت ئەو ئەرکانە لە داهاتودا پارێزراو بێت.
وتیشی"تورکیا بونی پەکەکە یان ئەو گرووپانەی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو پەکەکەدا بوون، وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبینێت بەلام ئیتر لە ئێستداد هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکە".