"كۆمسیۆن نەیتوانی درێژە بە كۆنفرانسەكە بدات، كۆنفرانسەكەی دواخست بۆ كاتێكی تر"

رێكخەری گشتی بزوتنەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" كۆمسیۆن نەیتوانی  رێكارەكانی تەواوكردنی كۆنفڕانس بگرێتەبەر". دەشڵێت" ئەو رێگەی گرتومانەتەبەر دەست لەناو دەست پێكەوە هەمویان جێبەجێ دەكەن". 

دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان (باڵی كوردسات)، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێكدا رایگەیاند" بەداخەوە چەند گێرە شێوێنێك هاتبونە ناو كۆنفڕانسەكەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە و لە نێوانی خۆیاندا گرژی و ئاڵۆزی رویدا و بەوهۆیەوە كۆمسیۆن نەیتوانی بەردەوامی بدات بە رێكارەكانی تەواوكردنی كۆنفڕانس". 

دەشڵێت" ئەو رێگەی گرتومانەتەبەر هەمومان دەست لەناو دەست بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرزی دەبینین و لەبەرزیدا دەمێنێتەوە بەجۆرێك هەڵدەستێتەوە كە هەموو ئەو خواست و ویستانەی گۆڕانخوازان دەیانەوێت، هەمویان جێبەجێ دەكەن". 

بڕیار بوو ئەمڕۆ هەردوو باڵی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ کۆنفراسی بزوتنەوەکە ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ئاژاوە و شەڕ کۆنفرانسەکە ڕاگیرا و کۆمسیۆن بڕیاریدا لەکاتێکی تردا کۆنفرانسەکە بەڕێوەبچێت.
 
دەقی پەیامەكەی دانا ئەحمەد مەجید: 

هاوڵاتییانی بەڕێز
هەڵسوڕاوانی خۆشەویست

ئەمڕۆ (2025/5/24) وابڕیاربو كە كۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێبكات، بەدڵێكی خۆشەوە، بەئومێدێكی گەورەوە چوینە ناو كۆنفڕانس كە بەشێكی زۆری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان تیایدا بەشداربون، كە لە زاخۆوە تا خانەقین و جەلەولا هاتبون.

بەبەشدارییەكی چاك و شكڵێكی رێكوپێك، لەژێر چاودێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەچو، هەمومان دڵمان بە ئەو كۆبونەوە خۆشبو، چونكە ئەو هەڵسوڕاوانە سەلمانیدیان كە بزوتنەوەی گۆڕان زیندوە، دەتوانێت هەستێتەوە و ببێتەوە بەژمارەیەكی گەورە لە ئۆپۆزسیۆنی باشوری كوردستاندا، هەروەك پشتر كە هەبوە.

بەڵام؛ بەداخەوە چەند گێرە شێوێنێك هاتبونە ناو كۆنفڕانسەكەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە و لەنێوانی خۆیاندا گرژی و ئاڵۆزی رویدا، ئەو هەڵوسوڕاو و باژێروانانەی لەوێ بون، پابەندبون بە گۆڕان وبیروباوەڕی راستەقینەی گۆڕانخوازی كەسیان لەشوێنی جۆیان نەجوڵاون ئەوەش هەڵوێستێكی كارامە و مەردانەیە.

بەداخەوە كۆمسیۆن نەیتوانی بەردەوامی بدات بە رێكارەكانی تەواوكردنی كۆنفڕانس، لەبەر ئەو گەیشتن بەئەو ئەنجامەی سەركۆنەی ئاژاوە چییەكانیان كرد كەبەبەڵگە لەلامانەوە و دەتوانین بڵاوی بكەینەوە، بۆیە كۆنفڕانسەكەی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ كاتێكی دیكە دواخست.

ئێمە لێرەوە بەهەمو گۆڕانخوازان دەڵێین، ئەوە رێگەی لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست گرتومانەتەبەر هەمومان دەستلەناو دەست بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرزی دەبینین و لەبەرزیدا دەمێنێتەوە بەجۆرێك هەڵدەستێتەوە كە هەمو ئەو خواست و ویستانەی گۆڕانخوازان دەیانەوێت، ئەو بەرنامانەی نوسیویانە و پەیڕەوی دەكەن هەمویان جێبەجێ بكەین رو سوپاستان دەكەم.

دانا ئەحمەد مەجید
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
2025/5/24



PM:09:16:24/05/2025