ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا ئەنگەس كینگ، سیناتۆری سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانكفۆرد، سیناتۆری كۆماری لە ویلایەتی ئۆكلاهۆما و شاندیكی (یاوەریان) كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكا و هاریكاریی هاوبەشیان بەتایبەتی لە بواری "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا"، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و دەربارەی دۆخی سووریا و پێشهاتەكانی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
لای خۆشییەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پشتگیریی كۆنگرێسی لە پرۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پەرەپێدانی هاوكاری نێوانیان لە بوارە جیاكاندا كردەوە، بەتایبەتی باسی لە دەرفەتی كار و وەبەرهێنانی ئەمەریكی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لای خۆیەوە شاندی میوان وێڕای ستایشی پیشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمەریكا بە بایەخێكی زۆر و وەك هاوپەیمانێك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، هەر لەمبارەیەوە جەختیان لە بەردەوامی پابەندی ئەمەریكا بۆ پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە".
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەییشتن، هەروەها داكۆكییان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە كردەوە.