دەستەی كەشناسی عێراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
لەبەیاننامەیەكی دەستەكەدا هاتووە" ڕۆژی یەكشەممە، كەشوهەوا ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵە هەور لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، هەروەها نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری هەورەبروسكە لە ناوچەكانی باكور بەتایبەت لە بەشەكانی ڕۆژهەڵات، هەروەها بای باكووری ڕۆژئاوا، خێرایی سووك بۆ مامناوەند (١٠-٢٠) كم دەبێت و هەندێکجار چالاك دەبێت لە ڕۆژدا بۆ (٣٠-٤٠) كم، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە هەندێك شوێنی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور".
ئاماژەی بەوەشکردووە، كەشوهەوای ڕۆژی دووشەممە ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك هەور لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، لە ناوچەكانی باكووریش نیمچە هەور دەبێت، پلەكانی گەرما بە گشتی بەرزدەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی سێشەممە كەشوهەوا ساماڵ دەبێتەوە لەگەڵ هەندێك هەور، پلەكانی گەرماش هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبن.
هەروەها رۆژی چوارشەممەی داهاتوو كەشوهەوا لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت، لە ناوچەكانی باكووریش نیمچە هەور دەبێت، پلەكانی گەرماش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور كەمێك بەرزدەبنەوە و لە ناوچەكانی باكووریش هاوشێوەی پێشوو دەمێننەوە.