وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کرد کە شاندێکی وەزارەتی دارایی پەیوەست بە پرسی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ خۆشیان دا لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند "شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغدا بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، مەبەستییانە وردبینیی لیستی مووچە بەزووترین کات تەواو بکرێت، تاوەکو وەزارەتی دارایی هەرێم بتوانێت پێش جەژنی قوربان مووچە مانگی پێنج دابەش بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێ دراوە رۆژی سێشەممە پارە بۆ مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.