وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی چەند بڕیارێکی دەرکرد و ڕایگەیاند، ئەمساڵ هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام نادەن.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی شارەکانی هەرێم کراوە تیایدا هاتووە: بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ بە هەموو بەشەکانییەوە هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نابەسترێت. هەروەها هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی پلەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم دانانرێت).
بڕیارێکی دیکە ئەوەیە، لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هیچ قەزایەک نابێت مەراسیمی خەڵات بەخشین ئەنجامبدرێت و دەشڵێت" هەر سەرپێچییەک لە خاڵی دووەم و سێیەم ڕووبدات، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەوە بەر".
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت" بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ بنەمای زانستییانە تر دەگۆڕێت و رێژەی تێکرای دەرچوون لە قوتابخانەکان و نمرەی قوتابییان لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی خولی دووەم، دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستی قوتابخانە".
وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوەکەی ئاماژەی بەوەش داوە، نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی هەر بابەتێک لە پۆلی ١٢ بە هەموو بەشەکانییەوە و لەدوای خولی دووەم، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دیاریکردنی مامۆستای بابەتەکە.