دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ڕاگیرا

بە هۆی بڕانی کارەباوە، دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ڕاگیرا و بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ٣ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کارەبای هەردوو پڕۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان سلێمانی بڕا و بەوهۆیەشەوە دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پڕۆژەکە وەستاوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی کارەبایی سلێمانی سەرقاڵی چاکردنی کێشەکان تا دابەشکردنی ئاو ئاسایی بێتەوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە هۆی پاککردنەوەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دابەشکردنی ئاو لە هەردوو هێڵی یەک و دووی ئاوی دوکان سلێمانی ڕاگرت.

ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتییەکە چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی هێڵەکەن.



PM:12:36:25/05/2025