یاسای سزاکانی تورکیا، پێش جەژنی قوربان هەموار دەکرێتەوە، ڕۆژنامەنوسێکی تورکیش دەڵێت" دەمیرتاش و بەرپرسانی دیکەی هەدەپە ئازاد دەکرێن".
عایشە یەڵدرم، رۆژنامەنوسی تورک، لە وتارێکدا ئاشکرای کردوە، عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە، هەفتەی ڕابردو لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆبوەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەمواری یاسای سزاکان، داواکارییەکانی دەمپارتی تا رادەیەکی باش جێبەجێ کراون، بەڵام ئەندامانی ڕیکخراوی فەتۆ لە هەمواری یاساکە سودمەند نابن.
ئەو رۆژنامەنوسە نوسیویەتی"دوای هەمواری یاسای سزاکان، کارکردن لە دۆسیەی کۆبانێ کە لە (١٦-٥-٢٠٢٤) بڕیاری کۆتایی لەسەردرا، دەستپێدەکات کە تێیدا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ دەیان بەرپرسی دیکەی پارتەکە، سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا" .
بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و بەرپرسانی دیکەی هەدەپە، پارێزەرانی دۆسیەکە ماوەی ساڵێکە چاوەڕوانن بەهۆی ئەوەی دادگا هۆکاری سزادانەکانی بڵاو نەکردوەتەوە و بڕیارە دوای هەمراوی یاسای سزاکان، دادگا ئەو هۆکارانە بڵاو بکاتەوە.
لە دوای بڵاوکردنەوەی هۆکارەکانیش کارکردن بۆ ئازادکردنیان دەست پێدەکات کە ڕۆژنامەنوسەکە دەڵێت، بەو سزایەی تا ئیستا بەسەریان بردوە سزادراوانی دۆسیەیە کۆبانێ ئازاد دەکرین.