٧٠٪ گەڕەکەکانی سلێمانی ئاویان نییە و کاتێکیش بۆ پێدانەوەی ئاو دیاری نەکراوە

بەهۆی پچڕانی کارەبا لە هەردوو پرۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان – سلێمانی، سەدا ٧٠ گەڕەکەکانی سلێمانی بێئاو بوون و تا ئێستاش کاتێک بۆ چارەسەری کێشەکە و پێدانی ئاو رانەگەیەنراوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ئایار ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی بە میدیای پارتی  ڕاگەیاند "لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ـی بەرەبەیانیی  یەکشەممەوە، بە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە هەردوو پرۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان – سلێمانی، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پرۆژەکە وەستاوە."

ئامانج جەلال باسی لەوەش کردوە "بەهۆی وەستانی ئەو دوو پرۆژەیە، سەدا ٧٠ گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بێئاو دەبن، تەنیا ئەو گەڕەکانە بێئاو نابن کە لە پرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی زانیارییەکان هەندێک لە گەڕەکەکان پێنج ڕۆژە و هەندێک گەڕەکیش چوار بۆ سێ ڕۆژە ئاویان نییە و تا ئێستا هیچ کاتێکیش بۆ چارەسەری کێشەکە و ئاسایی بوونەوەی پێدانی ئاو دیارینەکراوە.




PM:06:22:25/05/2025