وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ژمارەیەک ڕێنمایی بڵاوکردەوە كە تایبەتە بە هەمواری چوارەمی ڕێنوێنییەكانی پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی و نشینگە لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دوابەدوای ڕێنوێنی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی و نشینگە هەمواركراو بە ڕاگەیەنراوی ژمارە (٢١)ـی ساڵی ٢٠٢١ و هەردوو ڕێنوێنی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢٤ و (١٣)ـی ساڵی ٢٠٢٤ وەزارەتەكە و ئاماژە بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (١٢٥٥) لە ١٠ی ٧ی ٢٠٢٤ و كۆنووسی كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی ناوبراو و دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پێوەندیدارەكان و بە پێی ئەو دەسەڵاتەكەی بە وەزارەتەكە دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (٦)ـی ساڵی ٢٠٠٩، بڕیار درا بە دەركردنی ژمارەیەك ڕێنوێنی.
مادەی یەكەم: هەمواركردنەوەی بڕگەی (١٩) لە ماددەی یەكەمی ڕێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆ، كە بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە. "بڕگەی (١٩)، كارتی نشینگە: ئەو كارتەیە كە ماوەكەی لە شەش مانگ كەمتر نییە و لە پێنج ساڵ زیاتر نییە و بە كەسی بیانی دەدرێت و مافی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان دەبێت.
مادەی دووەم: زیادكردنی بڕگەی سێ، چوار و پێنج لە ماددەی (١٤) لە ڕێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆ و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
سێیەم:
-پێدانی نشینگەی وەبەرهێن بۆ ماوەی (سێ ساڵ بۆ پێنج ساڵ) بە كەسی بیانی، واتە: "خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار ١٨ ساڵ و دایك و باوك"ـی بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان كە بیسەلمێنێت ناوبراو (وەبەرهێن)ـە.
-لە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی نشینگەی بڕگەی (١)ـی شەشەمی سەرەوە، بۆ هەمان ماوە درێژ دەكرێتەوە بە هەمان ڕێكاری بڕگەی شەشەمی ئەم ماددەیە.
چوارەم:
-پێدانی (نیشنگەی كار) بۆ ئەوانەی داوای نشینگە دەكەن بۆ ماوەی (زیاتر لە ساڵێك بۆ سێ ساڵ) بۆ كەسی بیانی، واتە: "خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار ١٨ ساڵ و دایك و باوك"ـی لە كاتی كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەو مەرجەی كە نرخی یەكەكە لە پەنجا هەزار دۆلاری ئەمەریكی كەمتر نەبێت بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان.
-لە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی نشینگەی بڕگەی (١)ـی حەوتەمی سەرەوە، بۆ هەمان ماوە درێژ دەكرێتەوە بە هەمان ڕێكاری بڕگەی حەوتەمی ئەم ماددەیە بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان و بە سپۆنسەری یەكەكەی تا ئەو كاتەی خاوەنداریەتی دەكات.
پێنجەم:
ڕسووماتی نشینگە وەدەگیرێت بۆ ماوەكانی هاتو لە بڕگەی شەشەم و حەوتەم بە پێی خشتەی پاشكۆی ڕێنمایی سەرەوە بۆ هەر ساڵێك.
ماددەی سێیەم:
ئەم ڕێنماییە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە كاری پێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.