وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێشبینیدەکرێت پێش جەژنی قوربان، مووچەی مانگی پێنج دابەشبکرێت". 

شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە ناڕەزایی و گلەیی هەیە لەو بڕەپارەیەی حکومەتی هەرێم وەک داهاتی نانەوتی، دەیخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج ڕەوانەی هەرێم بکرێت و هەوڵدەدرێت هەموو رێکارەکان تەواوبکرێن. 

هەروەها پێشتریش سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند" دوای جێبەجێكردنی ڕێكارە كارگێڕییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق مووچە دەنێردێت و چاوەڕوانیش دەكرێت بەر لە جەژن موچە بنێردرێت". 

بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ئایار وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکردبوو لیستی مووچەی مانگی پێنجیان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە. 



AM:12:01:26/05/2025