"بارستە هەوایەکی فێنک ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دادەبەزن"

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" بارستە هەوایەکی فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک بەراورد بە ئەم ماوەیە نزمدەبێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە دەرەنجامی بەردەوامی شەپۆلەکانی گەرما لەسەر وڵاتانی ناوچەکە کە بەجۆرێکە بۆ ئەم کاتە پێش وەختەیە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی زۆر بەرزبوونەتەوە و بەشێوەیەک لەوانەیە هیچ مانگێکی ئایاری پێشتر لە ساڵانی رابردوودا هێندەی ئایاری ئەمساڵ گەرم نەبووبێت".

ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەش و هەوای گەرم و جێگیر لە رۆژانی داهاتوودا تا کۆتای هەفتە بەردەوامی دەبيت و لەگەڵ ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورتخایان بەتایبەت لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارەی سبەی و دوو سبەی لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی پارێزگای سلێمانی، لە ناوچەکانی دیکە کەش جێگیر دەبێت وە کاریگەری بای باکوری رۆژهەڵات لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین سبەی کەمدەبێتەوە.

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، لە رۆژی هەینیەوە لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست شەپۆلێکی هەورە بروسکە و تەرزە و بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ناوەراست و رۆژئاوای تورکیا دەگرێتەوە و بارستە هەوایەکی فێنکیش ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک بەراورد بە ئەم ماوەیە نزمدەبێتەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ کاریگەریەکانی دەمێنێتەوە.



PM:01:40:26/05/2025