"زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشینی نوێ خرانە ناو لیستی مووچەوە"

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار، زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشین خراونەتە ناو لیستی مووچەوە". 

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە" لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیر چەندین ڕێکار و هەنگاوی پێویست بۆ خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان گیراونەتە بەر، لە چوارچێوەی ئەوەشدا داوا لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە کە لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە ڕەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواوبووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ڕەوانەی خانەنشینی دەکرێن". 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو ڕێکارانەی لە دوو مانگی ڕابردوو گیرانەبەر توانراوە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار ( ٥،٢٦١ ) پێنج هەزار و دووسەد و شەست و یەک خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە و ناوەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە تا لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار مووچەی مانگەکانی ڕابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆیان جێگیرکراوە.



PM:01:55:26/05/2025