پیاوێک لە كرماشان هاوسەرەکەی و ژن خوشکێکی کوشتووە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پیاوێكی تەمەن ٢٩ ساڵ بە ناوی ئەشكان هیمەتی لە شەهرەكی كەراچیی كرماشان لە ڕێگەی چەکەوە هاوسەر و ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سەمیرا فەرهادی تەمەن ٢٥ ساڵ و سومەیە فەرهادی كوشتووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە هاوسەرەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و دوو ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سومەیە فەرهادی و زارا فەرهادی كە بە توندی بریندار ببوون بۆ نەخۆشخانە گواسترابوونەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سومەیە فەرهادی تەمەن ١٧ ساڵ دوو ڕۆژ دوای ڕوودانی ڕووداوەكە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هەروەها خوشكی سێهەمی بنەماڵە بە ناوی زارا فەرهادی كە چاوی بە قووڵی بریندار ببوو و زیانی بەركەوتبوو، نەشتەرگەریی بۆ كراوە و چاویان دەر هێناوە، تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشكی دایە.
هەنگاو دەشڵێت" بكوژ دوای ئەنجامدانی ئەم ڕووداوە بە تەقەكردن لە ژێر ملی خۆی هەوڵی خۆكوژی دابوو و سەرەڕای ئەوەی كە بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە، گیانی لە دەستدا".