سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا داوای کرد، بۆ سارێژکردنی برینە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی بنرێت، جەختیشی کردەوە لەوەی دەبێت بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە.
گوڵستان کیلیچ کۆچیغیت لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند"سەرەرای بانگەوازەکەی ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هەنگاوێکی یاسایی لەو بارەیەوە نەناوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی وتیشی" مادام باسی ئایندەی دیموکراتیکی تورکیا دەکەین، دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی ستەمەکانی بواری دادوەری کۆتایی بێت و بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە و برینە کۆمەڵایەتییەکان سارێژ بکرێن".
گوڵستان کیلیچ تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان، ڕایگەیاند" پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە لەنێو پەرلەمان پێکبهێنرێت، و دەبێت هەموو ئەم گفتوگۆیانە لەبەرچاوی کۆمەڵگە بەڕێوەبچن و پەرلەمان دەسپێشخەریی بکات و ئۆپۆزیسیۆنیش ببێتە بەشێک لەم دەسپێشخەرییانە".