جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە حکومەتی هەرێم ئەرکی
خۆی جێبەجێ کردووە بەرامبەر بەغدا و دەڵێت" ئەگەر بەردەوامبن لە درووستکردنی
گرفت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمەش وەڵامێکی توندمان بۆیان دەبێت."
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا لەگەڵ
میدیای پارتی ڕایگەیاند" لەنووسراوێک کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق ماوەی
ڕابردوو بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی ناردووە لە چوار بڕگەدا باسی لە
هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە چەندێک هاوکاربوون لەگەڵ
تیمەکانی چاودێریی دارایی و گرفتیان درووست نەکردووە".
وتیشی "ئێمە لە کۆبوونەوە داخراوەکان لەگەڵ بەغدا زۆر بە ڕاشکاوی
وتوومانە ئەگەر بەردەوامبن لە درووستکردنی گرفت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمەش
وەڵامێکی توندمان بۆیان دەبێت."
ئاشکراشی کردووە" حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرسێ ئەرکەکەی خۆی
پەیوەست بە ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە جێبەجێ کردووە، لەماوەی دوو هەفتەدا لیستی
مووچە، میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆی مانگی چواری ڕادەست کردووە، ماوەتەوە سەر
ئەوەی دوای تەواوبوونی وردبینی لەلیستی مووچە پارە خەرج بکرێت".