ئەمڕۆ سێشەممە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە لەگەڵ هاوسەرۆکە گشتییەکانی دەم پارتی، توڵای هاتیم ئۆغڵوڵاری و تونجەر باکرهان کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کۆبوونەوەکە کە لە نوسینگەی باخچەلی لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، تیایدا بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی مەهەپە، جەلال ئادان ئامادەبوو.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندی دەم پارتیش پێکهاتبوو لە هاوسەرۆکە گشتییەکانی دەم پارتی هاتیمئۆغڵوڵاری و باکرهان و، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، سەزای تەمەلی و گوڵستان کڵچ کۆچیغیت.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو کە نزیکەی ٤٠ خولەکی خایاند، هەروەها دوای کۆبوونەوەکە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و، باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی بەڕێوەچووە و، تیایدا هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ یاسای لە سێدارەدان کراوە.
هەروەها دوای جێهێشتنی پەرلەمان، سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە" دوای جەژنی قوربان لە پەرلەمان. درێژە بە کارەکان دەدەن".