دهۆک.. خانمە پزیشکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

 شەوی رابردوو خانمە پزیشکیکی سەنتەری نەخۆشییەکان دڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری دهۆک، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هۆکاری روداوەکەش بە ناڕونی ماوەتەوە.

بە وتەی  سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادیی لە شاری دهۆک"  شەوی رابردو خانمە پزیشکێک بەناوی (ها، ت ) لە ماڵەکەی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.".

 وتیشی" لەکاتی روداوەکەدا ژنە پزیشکەکە لە دەوامدا نەبوە، بەڵکو لە ماڵەوە بوە و بە لێدانی دەرزییەکی تایبەت کە هێشتا رون نەبوەتەوە چییە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا".

هاوکات مەتین جەمیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، سەرباری جەختکردنەوەی لە دروستی هەواڵەکە، دەڵێت" روداوەکە رێک کاتژمێر ٨ و نیوی شەو رویداوە، هەروەک هێشتا هۆکاری روداوەکە نازانیین، کۆچکردوەکە پزیشکی نیشتەجێی دێرین بوە لە سەنتەری دڵی نەخۆشخانەی ئازادیی و لەهەمان کاتدا فێرخوازی بۆردی کوردستانی نەخۆشییەکانی کرانەوەی سنگە.

لەئێستادا تەرمی ژنە پزیشکەکە لە پزیشکی دادوەریی دهۆکە و بڕیارە پاش توێکاریی بەخاک بسپێرێت.




AM:09:08:28/05/2025