دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی کاتی سوریا دەستپێدەکەنەوە

کۆتایی ئەم هەفتەیە خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان لیژنەی وتووێژی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی کاتی سوریا دەستپێدەکاتەوە. 

ئەبو عومەر ئیدلیبی فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکراتی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" ڕۆژی هەینی ٣٠ ئایاری ٢٠٢٥ شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەچنە دیمەشق". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سەردانیکردنی شاندەکە بۆ دیمەشق وەک ئامادەکارییەکە بۆ تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە کە لە نێوان مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا لە ڕۆژی ١٠ی ئازاردا کراوە.

هەروەها میدیاکانی سوریا سەبارەت بە دیدارەکە ڕایانگەیاندووە" کارنامەی گفتوگۆکە بابەتەکانی پەیوەست بە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر لە خۆدەگرێت، لەوانە لایەنی خزمەتگوزاری و ئابووری، سامانە سروشتییەکان، و پرسی پەروەردە لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

لێژنەی ئیدارەی خۆسەر پێکدێت لە کەسایەتی کورد، عەرەب، سریانی و ئاشووری کە نوێنەرایەتی ناوچە کوردنشینەکان دەکەن. 



PM:06:40:28/05/2025