نەرمین مەعروف: بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق نایاساییە

ئەندام پەرلەمانێکی کورد لە عێراق بڕیارەکەی تەیف سامی بۆ نەناردنی مووچەی هەرێم بە نایاسایی دەزانێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئایار نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند" وێڕای مشتومڕێکی زۆرمان لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر ئەم بابەتە، وەلەبەر ئەوەی ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 224ی دادگای فیدڕاڵییە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو شێوازەی پشکی هەرێمی پێ ئەژمار کراوە لەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەکی یاسایی و ژمێریاری نییە، جگە لەوەی حکومەتی فیدڕاڵ هێشتا خشتەی داهات و خەرجی ساڵی ٢٠٢٥نەناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە پێچەوانەی مادەی ٧٧/دووەم لە یاسای بودجەی سێ ساڵەیە".

ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نامەیەکدا کە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کردوە رایگەیاند کە پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی هاتووە و بەمەش چیدیکە مووچە بۆ هەرێم نانێرێت.




AM:12:11:29/05/2025