خێزانێکی کەرکوک دەچنە ناو داعش و تا ئێستاش موچەكەیان نەبڕدراوە
کەرکوک
خێزانێکی سنوری پارێزگای کەرکوک کە پێکھاتوون لەباوک و براو برازاو ئامۆزا، سەرجەمیان چوونە ناو گروپی تیرۆریستی داعشەوەو تا ئێستاش موچەی خانەنشینی گەورەی ماڵەكە نەبڕدراوە.
بەپێی نوسراوێکی دەزگای ھەواڵگری عیراق ژمارەیەک ھاوڵاتی کە لەیەک خێزانن و خەڵکی سنوری پارێزگای کەرکوکن، ئێستا لەناو ڕیزەکانی گروپی تیرۆریستی داعشن و بەرپرسیارێتی گەورەشیان پێدراوە.
لەنووسراوەکەی دەزگای ھەواڵگریدا ھاتووە، (خەڵەف فەرەج دەروێش سەبعاوی) ئێستا پلەی ئەمیری ھەیە لەگوندی ئامینە، تائێستاش موچەی خانەنشینیەکەی لەکەرکوک نەبڕدراوە، ھاوکات لەگەڵ خۆیدا ٥ کوڕیشی لەناو داعشن جگە لەبراو برازا.
ھەریەک لە (ھاشم خەڵەف فەرەج سەبعاوی) کە پلەی یاریدەدەری وەزیری دارایی داعشی ھەیە لەموسڵ و (یوسف خەڵەف فەرەج دەروێش) چەکدارێکی خۆکوژەو (جاسم خەڵەف فەرەج دەروێش)یش بەرپرسە لەیەکەی وەرگرتنی ھاوڵاتیان بۆ ڕیزەکانی داعش و (حەمەد خەڵەف فەرەج دەروێش سەبعاوی)یش بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری لەموسڵەو (سەیف خەڵەف دەروێش)یش یەکێکە لەچەکدارەکانی داعش و خوشکێکیشی ھاوسەری یەکێک لەئەمیرەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیەیەو لەناحیەی گەیارە نیشتەجێن، ھەموو ئەو ناوانە کوڕەکانی خەڵەفی ئەمیری داعشن.
(محەمەد فەرەج خەڵەف سەبعاوی) برازای خەڵەفەو بەڕێوەبەری بەشی خانووبەرەی گروپی تیرۆریستی داعشە لەسنوری موسڵ.
(قەتیبە حەمەد خەڵەف) یەکێکی دیکەیە لەئەندامانی خێزانەکەی خەڵەف و پلەی ئەمیری باڵای داعشی پێدراوە، ئەگەرچی (ئەحمەد عبید لھێبی) کە ئێستا والی باشووری نەینەواو بەرپرسی ماڵی دارایی (بیت مال)ی داعشەو پێشتریش لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا، پلەی عەقیدی ھەبووە، بەڵام ناوبراو ئەندامی خێزانەکەی خەڵەف نییە.
نووسراوەکەی دەزگای ھەواڵگری باسی لەوەشکردووە، ھەموو ئەو ناوانەی ئاشکراکراون، فۆڕمی خۆراک و پێناسی باری شارستانییان سەر بەکەرکوکە.
PM:01:44:02/12/2014