" تەیف سامی رێککەوتن و یاساشی پێشێلکردووە "


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرایدەکات"  وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یاداشتێكی ناڕەزایەتی بە سوودانی دەدەین و پێشێلی یاسا و رێككەوتن كراوە".

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی ٢٩ ی ئایار راگەیاند" فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبینەوە و یاداشتێكی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەدەینە محەمەد شیاع سوودانی. 

" پێشێلكارییەكان زۆرن پێشتریش چەند جارێك لە لیژنەی دارایی داوامان لە وەزیری دارایی كردووە، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ـی حكوومەتی عێراق، هی هەموو مانگەكانی ئەمساڵیان ڕادەست بكات، كەچی تا ئێستە تەنیا هی مانگی كانوونی دووەمی  ناردووە."( سەبری وا دەڵێت). 

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش پێشتر بڕیاری داوە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كێشە سیاسییەكان دوور بخرێتەوە و مانگانە بەبێ ئەوەی ڕێگریی لێ بكرێت، لە كاتی خۆیدا خەرج بكرێت، بۆیە لەم پرسەدا دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئێمەیە".

دوێنێ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێکدا حکومەتی هەرێمی ئاگادار کردەوە کە چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ ئەو ٨ مانگەی تری ئەمساڵ نانێرێت و پشکی خۆیان تەواو بووە.




PM:01:32:29/05/2025